پرۆسه‌ی ناشانۆبوون, یاخود گوتاری دژه شانۆ, ئه‌و قۆناغه‌ی كه له‌دیدێكی ئه‌زموونكاریه‌وه, كه گرۆتۆفسكی به میتاشانۆ ناوی برد, به‌ته‌نیا خستنه ڕووی تیۆرێك نه‌بوو بۆ میراتێكی شانۆیی, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌و ئینتیما كردنێك بوو, كه له‌وێوه به‌ره‌و كه‌شف كردنی نه‌زانراوه‌كان بڕۆین.
ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ڕێگایه‌كی درێژ, كاتێ خه‌ونه تیۆریه‌كانی ئارتۆی گواسته‌وه بۆ ناو ڕووبه‌ری كاركردن, ڕووبه‌رێك نه‌بوو بۆ گوتاری ئاماده, چونكه ئه‌و گوتاره نائاماده‌یه, كاركردن وگه‌ڕان ئه‌و نائاماده‌یه ده‌كات به ئاماده, میتا شانۆ.. توانی شانۆ له‌دیدی باو ڕزگار بكات به‌ره‌و دیدی پێرفۆرمانسی به‌رێت, ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی نێوان شانۆ و هونه‌ری شێوه‌كاری له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ئۆرگانیه‌وه به‌ره‌و ناو زانسته‌كانی وه‌كو كۆمه‌ڵناسی و ئه‌نترۆپۆلۆژیا ده‌بات.
كو‌لتور له‌و ڕووبه‌ره فۆڕم ووێناكردنێكیتر بۆ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا ده‌خاته ڕوو, كه گروپه شانۆییه‌كان به‌ره‌نجامی كاركردنی خۆیان توانای ده‌ست نیشان كردنی ئاماده‌بوونی گوتاره پێرفۆرمانسیه‌كه‌یان هه‌یه, ئێمه له‌كۆتایی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه له‌باره‌ی شانۆی پۆڵه‌ندی ئاماژه به‌دوو هه‌وڵی ئه‌لته‌رناتیڤ له‌بواری پێرفۆرمانسی شانۆیی ده‌كه‌ین, ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی باڵایی گوتاره شانۆییه‌كه‌و بوێری ئه‌و دوو ئه‌زموونه‌یه, ئه‌وانیش هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوو گروپی (piesn kozla) و (Teatr ZAR).
پێرفۆرمانسیه‌تی ماكبێس له شانۆی piesn kozla
له‌مه‌ڵبه‌ندی توێژینه‌وه‌ی كاره‌كانی گرۆتۆفسكی كاره‌كان به‌ته‌نیا نه‌بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه سیماكانی شانۆی هه‌ژاریی تیا بناسرێت, به‌ڵكو توانای خوڵقاندنی ئه‌زموونیتری هه‌بووه, یه‌كێك له‌و گروپانه به‌ناوی piesn kozla ناسراون, ئه‌وانه له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا, سه‌ره‌تا به‌ناوی تراگۆن ده‌ركه‌وتوون, كه دوو شانۆكار سه‌رپه‌رشتیاری كاره‌كانی كردووه ئه‌وانیش گریگۆر برال و ئانا زیبرزیچكا.
سه‌ره‌تای كاركردنی ئه‌وان هه‌وڵدان بووه بۆ تێكشكاندنی ڕێسا باوه‌كانی شانۆ, ئه‌وان خاوه‌ن زه‌مینه‌یه‌كی ئه‌زموونكاری بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڵبه‌ندی توێژینه‌وه‌ی گرۆتۆفسكی كۆبوونه‌ته‌وه.
له‌كاره شانۆییه‌كانیاندا بایه‌خی تایبه‌تیان بۆ ده‌نگ هه‌بووه, ئه‌وه‌ش وایكردووه گرنگی به مۆسیقا‌و گۆرانی بده‌ن, ئه‌وان له‌و ڕێگه‌یه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناو كولتوره جیاوازه‌كانی وه‌كو گریك وڕۆمانی, نه‌ك به‌ته‌نیا له‌به‌ر بنه‌چه‌كه‌و مێژووه دێرینه‌كه‌ی شانۆ, به‌ڵگو گۆرانیه دێرینه‌كانی ناو ئه‌و كولتوره‌یان هێناوه‌ته ناو سیستمێكی شانۆیی, وه‌ك چۆن ئه‌و هه‌وڵه‌یان له‌ته‌ك تێكستێكی یۆرپیدس ئه‌زموون كردووه.
ئاماده‌بوونی ده‌نگ له‌م شانۆیه‌دا گوتاری شانۆی ڕووبه‌رووی پرسیاری فره مانایی كردۆته‌وه, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگ سیستمێكی ده‌لالی كراوه‌یه كه توانای خوڵقاندن وتێكشكاندنه‌وه‌ی تاكمانایی هه‌یه, ده‌نگ ئه‌و فره ماناییه‌ی گواستۆته‌وه ناو سیستمێكی ئاهه‌نگی, كه ئه‌كته‌ر وكولتور له‌نێو ئاهه‌نگێكی شانۆیی یه‌كه‌یه‌كی جیاوازیان بۆ چه‌مكی پێرفۆرمانسی له‌كاری شانۆیی هێناوه‌ته بوون.
دیدی ئه‌وان بۆ ئاهه‌نگ دیدێك نیه له‌ناو شادی, به‌ڵكو زۆربه‌ی جار ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌ڕواته ناو دۆخی تراژیدیی وه‌ك له پێرفۆرمانسی (ماكبێس) و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ مه‌رگ ونه‌مریی كه سه‌فه‌رێكی درێژ به‌ناو ژیار ده‌كه‌ن وگلگامش وه‌ك ئه‌فسانه‌یه‌ك تێكده‌شكێننه‌وه‌و به‌ره‌و ئاهه‌نگێكی شانۆیی هه‌نگاو هه‌ڵده‌هێنن.
له‌ئه‌مرۆدا كاره‌كانی ئه‌م گروپه به یه‌كێك له‌دیارترین هه‌وڵه ئه‌زموونیه‌كانی شانۆی پۆڵه‌ندی داده‌نرێت, به‌تایبه‌ت به‌دوا هه‌وڵه‌كانیان له‌پێرفۆرمانسی ماكبێس, دیدی شیعریی شكسپیریی له‌ڕێگه‌ی ده‌نگه‌وه ده‌به‌نه ناو شیعریه‌تی شانۆوه.
ده‌نگ له‌ناو نمایش له‌پرۆسه‌یه‌كی ئه‌ركیۆلۆژیه‌وه به‌ره‌و دیدێكی ئاهه‌نگی دێت بۆ تراژیدیا, ده‌نگ ده‌بێته هێزی ئاماده‌بوونی كردار, ئاماده نه‌بوون جه‌سته نیه, ئاماده نه‌بوون بریتیه له‌تاكمانایی ووشه, بۆیه ووزه په‌یوه‌ندیه‌كی ئه‌نترۆپۆلۆژیی له‌ته‌ك كوولتور ده‌خوڵقێنێت, ئه‌وه دیدێكی كوولتوریه بۆ ده‌نگ, ئاماژه‌كانی جه‌سته په‌یوه‌ندیه‌كی دۆنادۆنی له‌ته‌ك ده‌نگ ده‌خوڵقێنن, بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن وێنایه‌كیتر بۆ شیعریه‌تی شكسپیر بكه‌نه‌وه.
لیدی به‌هێزی ده‌نگه‌وه پڕ ده‌بێت له‌جادووی سیحربازه‌كان, ده‌نگ له‌دیدێكی ئاهه‌نگیه‌وه به‌ره‌و هێزی شه‌ڕانی ده‌ڕوات, شمشێر به‌ته‌نیا موفره‌ده‌یه‌ك نیه بۆ كوشتن, هێنده‌ی ساتی هارمۆنی بوونی نێوان ده‌نگ وجه‌سته‌یه, ئه‌وه واده‌كات مۆتیڤی مه‌رگ له‌ڕووبه‌رێكی ئه‌لته‌رناتیڤدا یه‌كه‌یه‌كی تاریك بۆ ماناكانی مه‌رگ بدۆزێته‌وه, جه‌سته وده‌نگ به‌یه‌كه‌وه به‌شداری له‌نووسینه‌وه‌ی شانۆ ده‌كه‌ن, خۆیان كورت ناكه‌نه‌وه سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كان, به‌ڵكو چیرۆك ده‌نگ ده‌ینووسێته‌وه, ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شه بۆ نوسینه‌وه‌ی شانۆ له‌ناو نمایشدا.
ئه‌نترۆپۆلۆژیای ده‌نگ له پێرفۆرمانسیه‌تی شانۆی زار
تادوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیشی گرۆتۆفسكی به‌رده‌وام بوو له‌گه‌شته ساڵانه‌كانی بۆ كاری توێژینه‌وه‌و پشكنینی ئه‌زموونه شانۆیه‌كه‌ی, له‌سه‌فه‌رێكی بۆ جۆرجیا له‌ته‌ك كۆمه‌ڵه شانۆكارێكی فره ڕه‌گه‌ز كاری كرد, ئه‌و كۆمه‌ڵه شانۆكاره دواتر له كه‌راكۆف یه‌كیان گرته‌وه‌و گروپێكی شانۆییان دامه‌زراند به‌ناوی شانۆی زار, ناوی گروپه‌كه‌یان زاده‌ی دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی جۆرجیایه, كه خێلی سیفانتی له‌باكوری خۆرئاوای جۆرجیا له‌كاتی ناشتنی مردوو گۆرانیه‌ك ده‌چڕن كه گۆڕانیه‌كه پێی ده‌ووترێ زار.
ئه‌م گۆرانیه سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه له‌ژێر ناوێك كه گۆڕانیه‌كه بۆ پرسه ده‌ووترێت, ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو گۆرانی ئه‌م خێڵه وایكردووه ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ده‌نگ بۆ خۆیان بخوڵقێنن, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگ له‌قوڵاییه‌كی دووره‌وه بێته بوون, له‌ئاستی به‌رزبوونه‌وه‌دا به‌یه‌كدا چوونێكی تۆن له‌دایك ببێت, ئه‌وه كرانه‌وه‌یه‌كی زمانه وه‌ك ده‌نگ, ده‌نگ له‌لای ئه‌وان ده‌بێته ئه‌و زمانه كه زمانی نمایش بێت, ئه‌وه‌ش خوڵقاندنه‌وه‌ی گوتاره له‌شانۆدا, گوتارێك ستراتیژه‌كه‌ی وابه‌سته‌ی كرده‌ی وه‌رگرتنی شانۆی سونه‌تی نیه, هێنده‌ی كرده‌ی وه‌رگرتن له‌به‌رده‌م پرسیار ده‌وه‌ستێنێت, وه‌رگر ده‌بیستێت, بیستن ئینتیماكردنی وه‌رگره بۆ قوڵایی كێشوه‌ری وێنه, وێنه‌ی شانۆیی نوسینه‌وه‌ی شانۆیه‌كی پێرفۆرمانسیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یه‌كه‌یه‌كی هارمۆنی نێوان ڕه‌نگ وده‌نگ درووست ده‌بێت, ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به ووزه‌ی ئه‌كته‌رو دیدی ئیستاتیكانه‌یه بۆ شانۆ.
ته‌كنیكی ده‌نگی ئه‌و شانۆیه بریتیه له‌ڕیتم وشێوه‌ی هه‌ناسه‌دان وهاوار كردن, سه‌رچاوه‌ی ئه‌وه‌ش ووزه‌ی ده‌نگه, ده‌نگ له‌ڕیتمی جه‌سته‌وه ده‌كه‌وێته هه‌ناسه‌دان, ئه‌وه وا ده‌كات ئه‌وان به‌ره‌و گۆرانیه دێرینه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه, له‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه فره ده‌نگی بۆ شانۆیه‌كی پێرفۆرمانسی ده‌دۆزنه‌وه, گه‌ڕان به‌ناو ده‌نگدا مانایتر به‌شانۆ ده‌دات, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگ له‌ئاستی جیاوازی مرۆڤه‌كانه‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌وه ناو ئه‌زموونی شانۆناسی, ئه‌زموونێك شانۆ‌و ئه‌نترۆپۆلۆژیای ده‌نگ به‌شداری له‌ناو یه‌كتری ده‌كه‌ن, ئه‌وه وا ده‌كات ئه‌زموونه‌كه توانای ئاماده‌بوونی ئه‌نترۆپۆلۆژیای ده‌نگ بكات به ئاماده‌بوونی ئه‌نترۆپۆلۆژیای شانۆ له‌پرۆژه‌ی پێرفۆرمانسیدا.
ده‌نگ حیكایه‌ت ناگێڕێته‌وه, ده‌نگ حیكایه‌ت ده‌باته سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایی سێنته‌ر, ئه‌وه خاڵی هاوبه‌شی زۆربه‌ی پێرفۆرمانسه‌كانه له‌كاری شانۆییدا, شانۆی زار به ئاگاییه‌كی شانۆیی ووردبینه‌وه ڕه‌چاوی ئه‌و تێگه‌یشتنه ده‌كات.
ووزه‌ی مرۆڤ له‌ئاماده‌بوونی ده‌نگدا دیدێكی ئه‌فلاتونیانه ده‌به‌خشێت, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌نگ توانای ڕزگاركردنی ئه‌و شاراوه‌ییه‌ی قوڵایی زه‌وی هه‌یه, كه له‌لای ئه‌فلاتون وه‌ك ده‌فرێكی ده‌رنه‌هاتوو وایه, بۆیه ده‌نگ ئاماده‌گیه‌كه بۆ رۆچوونی ده‌ست وه‌ك هاتنه ده‌ره‌وه له‌ناو سه‌فه‌رێكی نادیار, ئه‌و نادیاره پرۆسه‌یه‌كی ئاهه‌نگیه له‌مۆتیڤێكی پێرفۆرمانسیدا ده‌خرێته ڕوو.
تعليقات
إرسال تعليق