یه‌كێك له‌ده‌ركه‌وته‌كانی
شانۆی نوێی پۆڵه‌ندی په‌یوه‌ندیه‌كی هارمۆنی هونه‌ره‌كانی بینین بوو, بۆیه له‌لای
زۆربه‌ی ده‌رهێنه‌رانی پۆڵه‌ندی نمایشی شانۆیی په‌یوه‌ندیی نێوان هونه‌ری شانۆ وهونه‌ری
شێوه‌كاری بوو, به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندیه هارمۆنیه له‌لای ده‌رهێنه‌ر یۆزیف شاینه
به‌ئاست وڕووبه‌رێكیتر ده‌ركه‌وت, به‌هۆی ئه‌وه‌ی شانۆ بووه به وێنه‌یه‌كی سریالی,
ئه‌وه‌ش تێكشكاندنه‌وه‌ی مانا باوه‌كانی ناو وێنه‌ی شانۆیی بوو, بۆ خوێندنه‌وه‌ی له‌داڕشتنه‌وه‌و
پێكهاتی مانا نه‌ستیه‌كانی ناو وێنه, لێره‌وه ئاراسته‌یه‌كیتری شانۆ ده‌بینین, ئه‌وه
چه‌سپاندنی گوتاری پاش تازه‌گه‌ری شانۆ بوو.
هه‌ر كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه
ناو توێژینه‌وه‌كان له‌باره‌ی كاره‌كانی, یاخود له‌به‌رده‌می نمایشه تۆماركراوه‌كانی
داده‌نیشین, ئه‌و ساته‌وه‌خته دڵنیابوونه له‌كۆتایی هاتن به‌سه‌رده‌می تازه‌گه‌ری
شانۆیی, ئه‌وه شانۆی نوێی پۆڵه‌ندی بوو توانی له‌ڕێگه‌ی گرۆتۆفسكی وشاینه‌و كانتور
ومۆنگیك وگگیگۆفسكی وفایدا كۆتایی به قۆناغی تازه‌گه‌ری له‌شانۆدا بێنێت, هه‌ڵبه‌ت
چه‌مكی كۆتایی بۆ تازه‌گه‌ری شانۆیی, به‌واتای هاتنی قۆناغێكیتر له‌پرۆژه‌ی گه‌ڕان
وپشكنین كه شانۆ بگات به سه‌رده‌مێكی نوێ كه به‌شانۆی پاش تازه‌گه‌ری بیناسین.
له‌م شانۆیه‌دا ده‌ركردنی
یه‌زدان له‌شانۆدا بابه‌تێكی گرنگه, كه دیاره ئه‌و بابه‌ته پێشتر له‌شانۆی ئارتۆ
خراوه‌ته ڕوو, بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تواناكانی مرۆڤ, شاینا كاتێك به‌دژی بایه‌خدانه به
مۆسیقا‌و ڕیتم له‌نمایشی شانۆییدا, به‌كارهێنانی مۆسیقا وه‌ك تێگه‌یشتنی دینی ومۆدێكی
دینی ده‌بینێت, تێگه‌یشتنی دینیش بۆ خۆی كوشتنی ڕۆحی شانۆیه, چونكه له‌و كاته‌دا
یه‌زدان له‌بڕی مرۆڤ ده‌بێته بیركه‌ره‌وه, گومان وپرسیار بوونیان نامێنێت, بۆیه
له‌باره‌ی مۆسیقا‌و ڕیتم له‌شانۆدا, له‌گفتوگۆیه‌كدا شاینا ده‌ڵێت "ئه‌وه بابه‌تێكی
دینیه, به‌پێی مۆده دینیه‌كه بونیادی شانۆگه‌ریه‌كه ده‌گۆڕێت, ناكرێت ئه‌وه ئامانجی
شانۆی هاوچه‌رخ بێت, له‌كۆتایی كاره‌كه‌دا قسه‌كردن له‌باره‌ی ژیان ومه‌رگه, یا تاقیكردنه‌وه‌ی
توانا مرۆییه‌كانه به فره ئاسته‌كانیه‌وه, ناكرێت به پێویست _به‌رده‌وام_ ده‌ست
بدرێت له‌و بابه‌ته خواییه, ئایا ئامانج له‌بوونی شانۆ بوونی ئه‌و خوداییه؟ من پێشنیاری
شتێكی‌تر ده‌كه‌م, ئه‌ویش داخستنی ئه‌و كێشه‌ییه, خۆخه‌ریككردن به مرۆڤ وئێستای ڕۆژانه‌ی"
(1)
ئه‌گه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه
بیه‌وێت دیدی دینی نه‌سه‌پێنێته ناو كاری شانۆیی, ئه‌وا دیدگای شانۆییشی بۆ تێكستیش
دیدێكی ئه‌ركیۆلۆژیانه بوو, بۆیه له‌بڕوای ئه‌ودا ئه‌و كاتانه‌ی ووشه ته‌واو ده‌بێت
شانۆ ده‌ست پێده‌كات, ئه‌وه فه‌رامۆشكردنی ووشه نه‌بوو, هێنده‌ی جه‌ختكردنه‌وه بوو
له‌سه‌ر دیدگای شێوه‌كاری, په‌یوه‌ندیی شانۆ‌و سینۆگرافیا ده‌بوونه هارمۆنیه‌تێكی گوتاری
وێنه‌یی له‌شانۆدا, ئه‌وه‌ته "خێزانێكی دێرین له شانۆگه‌ری (جه‌نابی موفه‌تیش)
ده‌گوازێته‌وه بۆ خانووی نیشته جێبوونی كه‌سایه‌تیه‌كی گرنگی شارێك، له‌بڕی كورسی
گرانبه‌ها قاپی ئاوده‌ستی كۆن به‌كار دێنێت، شته‌كانی تریش به‌و شێوه‌یه تا بگات به
ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ پانتایی شانۆ" (2)
ئه‌و ڕێكخستنه‌وه‌یه‌ش
له‌ڕێگه‌ی ماتریالی جیاوازه‌وه بووه له‌جۆری مانیكان و بووكه شووشه‌ی مه‌زن و نامۆ
به قه‌باره‌ی نائاسایی، ئه‌وه‌ش دیدگای فه‌لسه‌فی وێنه‌ی شێوه‌كاریه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ
شانۆكارانی عه‌ره‌ب پێی ده‌ڵێن (شانۆی وێنه)، به‌ڵام شاینه بانگه‌شه بۆ هیچ ئه‌زموونێكی
جیاواز ناكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و بیه‌وێ پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ شانۆیه‌كیتر پێشنیار
بكات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام شانۆی ئه‌م قۆناغه به‌هه‌وڵه‌كانی نه‌خوازراوه له شانۆی
ئاڕتۆ جیا بێته‌وه، كه بنه‌ما تیۆریی وفه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌و شانۆیه‌ی دامه‌زراند,
بۆیه لای شاینه به‌تایبه‌ت له ئه‌زموونی (دانتی) كه له (كۆمیدیای یه‌زدانی) دانتیه‌وه
وه‌ریگرتووه، بانتۆمایم و زمانی بینین ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینن له گوزارشته شانۆییه‌كانی
بۆ به‌ستنه‌وه‌ی شیعری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ ژیانی هاوچه‌رخدا، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی
دیدگای وێنه‌ییه‌وه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه شانۆكه‌ی "شانۆی توند‌و تیژیه
جیهان ده‌گوازێته‌وه بۆ دۆزه‌خ.. ئه‌وه مێژووی نه‌خشكراوی ئازار‌و شادیه‌كانی ئیراده‌یه
بۆ خوڵقاندنی به‌نرخترین ماتریال وئه‌ویش وێرانكردن له‌هه‌مان كاتدا.. ئه‌وه بابه‌تێكی
نه‌مره، له‌هه‌مان كاتدا ناكۆكیشه، چونكه بابه‌تی ژیان و مردنه" (3)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێوازی
ڕاهێنانی ئه‌كته‌ر و پڕۆژه‌ی پشكنین پڕۆژه‌یه‌كی جیاوازه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نایه‌وێ
میتۆدێك له كاركردن بسه‌پێنێ، به‌ڵكو ئه‌و فۆڕمه‌ی ئه‌زموونه‌كه له‌خۆی ده‌گرێت
ئه‌و ده‌بێته‌وه میتۆدی كاركردنه‌كه، ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌مووانه
"هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان ده‌رهێنه‌ری خۆیان بوون، ئه‌كته‌ر له‌سه‌ری بوو شتێكی نوێ
دابهێنێت كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئینتیما نه‌كات بۆ نه‌ریت و شێوازه شانۆییه‌كان،
ئه‌وه به ته‌واوی بۆ بیرۆكه‌ی نمایشه شانۆییه‌كه له هزریدا دووری بخاته‌وه، له‌و
قۆناغه‌دا كه به‌ته‌نیا كارمان ده‌كرد له ئاماده نه‌بوونی بینه‌ر ئه‌كته‌ره‌كان
وا ڕه‌فتاریان ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆیان بن" (4)
شاینه ئاوا دوای نمایشی
(ربلیكا) باس له‌و ئه‌زموونه ده‌كات، چونكه ئه‌و شێوه كاركردنه بۆی بۆته هۆی له
دایكبوونی شانۆ، ئه‌مه‌ش پڕۆسه‌یه‌كی نائاماده كراوی كاركردنه، به‌ره‌نجامی خوڵقاندنه
له‌ده‌ره‌وه‌ی میتۆده ئاماده كراوه‌كان، به‌ڵكو ئه‌زموونه‌كه ده‌یهێنێته بوون,
ئه‌وه‌ش پانتایی مرۆیی و پانتایی نمایش له‌به‌رده‌م یه‌كدا ڕاده‌گرێت وله‌ناو خه‌وندا
به‌یه‌كدا ده‌چن, به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوو هه‌فته له‌زیندانی نازیه‌كاندا ده‌ژیێت له‌ڕووبه‌رێكی
ته‌سكدا كه چاوه‌ڕوانی مردنه, یاخود وه‌ك ئه‌وانیتر له‌فڕنه تایبه‌تیه‌كانی نازیه‌تدا
بسووتێنرێت, یا به‌هه‌ڕه‌شه‌ی برسێتی له‌ناویان بده‌ن, ئه‌و پانتاییه ته‌سكه بچووكردنه‌وه‌ی
ڕووبه‌رووی خودی مرۆییه له ئاماده‌كردنه‌وه‌ی بۆ مه‌رگ, ئاماده‌بوون له‌پانتایی شانۆدا..
ئاماده‌بوونه‌وه‌یه له‌پانتایی مه‌رگی مرۆیی.
ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی
منی مرۆڤ له‌ناو منی شانۆكاردا, وه‌ستانه له‌ناو هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی فیزیكی وده‌روونی,
به‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی فیزیكی جه‌سته ڕووبه‌رووی مه‌رگ ده‌كاته‌وه, پانتاییه‌كانی بچووكتر
ده‌كه‌نه‌وه, كه شوێن جه‌سته‌ی هه‌ڵنه‌گرن, له‌ڕه‌هه‌ندی دووه‌میشدا ئه‌و ئاماده‌بوونه
له‌ڕه‌هه‌ندی ده‌روونیدا, جه‌سته ده‌باته ناو پانتاییه‌كانی نه‌ست, كاتێ بڕۆینه‌وه
ناو نه‌ست, ئارامترین شوێنێك كه هه‌ست بكه‌ین ئه‌و دوو (منه) له‌نێوان منی مرۆڤ ومنی
شانۆكار تیایدا بژین, دنیای خه‌ونه, خه‌ونیش دنیایه‌ك بنیات ده‌نێت له‌نێوان نه‌بوونی
دنیا‌و دنیای هیوا بۆ خوازراو, لێره‌وه گرنگی خه‌ون بۆ وێنه‌ی شانۆیی ده‌بێته ئاماده‌بوونی
شانۆیه‌كی دیدگا ئامێزی سریالیانه له‌خه‌ونی شانۆییدا.
ئه‌وه‌ش واده‌كات ماتریاله
شانۆییه‌كانی مانای سریالیانه بگرێته خۆی, كه ئه‌وه‌ش تێكشكاندنی مانای باو بێت,
بۆیه له‌كاره‌كانیدا دیواری كاغه‌ز وگوریس وده‌مامك وبوكه‌شووشه‌ی دروستكراو له‌دار,
یاخود میزه‌ڵانی مه‌زنی كاغه‌زین, ئه‌وانه وا ده‌كه‌ن مامه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ مانای
باو نه‌بێت, ئه‌كته‌ر له‌ته‌ك ئه‌و جۆره موفره‌دانه هه‌ست به‌و جیهانه نه‌ستیه
شێوه‌كاریه بكات, ئه‌وه داهێنانێكی گرنگی ناو گوتاری شانۆ بوو, كه شاینه به‌جۆرێكیتر
له‌گه‌ڵ ماتریاله‌كان ده‌یخاته ڕوو, ئه‌و خستنه ڕووه ده‌مانباته‌وه ناو تابلۆ سریالیه‌كانی
سلڤادۆر دالی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتریش پێویستمان به‌خوێندنه‌وه ده‌روونشیكاریه‌كانی
سیگمۆند فرۆید ده‌بێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مكی نه‌ست, به‌واتای وێنه‌ی شانۆیی له‌دیدی
سریالیانه‌و له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونشیكاریانه‌ی نه‌سته‌وه دنیای شێوه‌كاری شانۆیی
بنیات ده‌نێت, ئه‌وه‌ش ده‌توانین ناو به‌رین به شانۆیه‌كی سریالی ده‌روونشیكاریی.
ئه‌و ناوبردنه پڕۆسه‌یه‌ك
نیه بیسه‌پێنینه سه‌ر شانۆكه‌ی, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی فراوانی ئه‌زموونی شانۆی پاش تازه‌گه‌ریه,
كه چه‌مكی جیاواز ده‌گرێته خۆی, چه‌مكه مرۆییه‌كانی كه له‌ناو هه‌ر كو‌لتورێكدا
بوونی هه‌یه, به‌پێی ئه‌تمۆسفێره شانۆییه‌كه‌و په‌یوه‌ندیی ئه‌كته‌ر وبینه‌ر ده‌توانین
ماناكان له‌ڕووی گه‌یشتنی ئاماژه ونێره‌ره‌كانی ئازاد بكه‌ین, ئه‌وه ئازادكردنی گوتاری
نه‌سته له‌كرده‌ی وه‌رگرتندا, شانۆیه‌كه له‌ناو زانسته مرۆییه‌كانه‌وه ئاماده‌بوونی
هه‌یه, به‌ڵام ئاماده‌بوون لێره‌دا هه‌ڵگری گوتارێكی شانۆیی ئیستاتیكیه.
ئیستاتیكا بۆ خۆشی ڕووبه‌رووی
یاخی بوون ده‌بێته‌وه, ئیستاتیكای باو تێكده‌شكێنرێت, چونكه شانۆیه‌كه ده‌یه‌وێ
خاوه‌نی تیۆری ئیستاتیكی تایبه‌ت به‌خۆی بێت, تیۆر لێره‌دا به‌ره‌نجامی تێگه‌یشتنیه‌تی
بۆ ستراتیژی گوتاری شانۆ, كه ئاماژه‌مان بۆ سریالیه‌ت وده‌روونشیكاری ناو ئه‌و شانۆییه
كرد, ده‌شتوانین ستراتیژی ئه‌و گوتاره له‌و ناوبردنه‌ی خۆی چڕ بكه‌ینه‌وه كاتێ نمایشی
شانۆیی وا پێناس ده‌كات "هیچ بابه‌تێكی جه‌وهه‌ری كه متمانه بكاته سه‌ر نامه‌یه‌كی
ئاخاوتن بوونی نیه, به‌ڵكو جه‌وهه‌ر له‌لای من بریتیه له كرده‌ی داهێنان خۆی"
(5)
لێره‌دا ده‌توانین له‌سه‌ر
تێگه‌یشتنی نوێ بۆ گێڕانه‌وه بوه‌ستین, كه شاینه خۆی به (گێڕانه‌وه‌ی بینراو)
ناوی ده‌بات, ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه چه‌مكێكی نوێیه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو, له‌به‌ره‌نجامی
نووسینه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ره بۆ تێكست, ده‌رهێنه‌ر كاتێك ڕووداوه‌كانی ناو تێكست له‌نمایش
ده‌نووسێته‌وه, ئه‌و نووسینه‌وه‌یه پرۆسه‌یه‌كی بینراوه نه‌ك بیستراو, بۆیه چیتر
گێڕانه‌وه له‌لای ئه‌و بریتی نیه له‌ڕووبه‌رێكی ئاخاوتن, به‌ڵكو گێڕانه‌وه نووسینه‌وه‌یه‌كی
بینراوی ئه‌كته‌ره له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی جه‌سته به ماتریاله‌كان وچۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی
له‌پانتاییدا, ئه‌وه شانۆیه‌كی شێوه‌كاری نیه, به‌ڵكو تابلۆیه‌كی شێوه‌كارییه, به‌واتای
وه‌ك ئه‌وانیتر له‌هه‌وڵی ناوبردنی نه‌بوو, به‌شێوازێكی شانۆیی كه ناوی به‌رێت به
شانۆی شێوه‌كاری, به‌ڵكو زمانی شانۆیی ده‌بێت له‌وێوه به‌ره‌و شێوازه جیاوازه‌كان
بڕوات, كه بنه‌ماكانی تابلۆی شێوه‌كاری بن, ئه‌و تێگه‌یشتنه كه شانۆی پاش تازه‌گه‌ری
هێناویه‌تیه بوون, تاڕاده‌یه‌كی زۆر نزیكمان ده‌كاته‌وه له‌گرنگی هاوشێوه‌ی گرۆتۆفسكی.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌زموونكارانی
دنیا له‌بنه‌ماكانی گرۆتۆفسكیه‌وه له‌ڕووی ده‌نگ وجه‌سته ده‌كه‌ونه پڕۆژه‌ی پشكنین
ودۆزینه‌وه‌یان بۆ كه‌ره‌سته ئه‌زموونكاریه‌كان, كه سه‌رباری جیاوازی گروپه ئه‌زمونكاریه‌كانی
شانۆ, به‌ڵام ئه‌وه گرۆتۆفسكی بوو زه‌مینه‌ی ئه‌و شانۆ ئه‌لته‌رناتیفیه‌ی بنیاتنا
كه به‌بڕوای پیته‌ر بروك "گرۆتۆفسكی وه‌كو داره‌كه‌ی (ڤوودوو) وایه كه هه‌موومان
به‌چوار ده‌وریا دانیشتووین و ووزه‌ی لێ وه‌رده‌گرین" (6)
هه‌ڵبه‌ت بۆ شانۆی پاش
تازه‌گه‌ریش گرنگی شاینه به‌هه‌مان شێوه‌یه, چونكه شاینه نه‌هاتووه شانۆیه‌كی
وێنه‌یی یان شێوه‌كاری بنیات بنێت, به‌ڵكو ڕێگای بۆ قۆناغێكی نوێی شانۆیی كردۆته‌وه,
كه شانۆی پاش تازه‌گه‌ری ده‌بێت تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری چڕ بێت, ئه‌و تێگه‌یشتنه شێوازێكی
شانۆیی نیه, به‌ڵكو زمانێكی شانۆییه بۆ قۆناغێكی نوێ.
گرۆتۆفسكی كه باسی
له‌قۆناغێكی نوێی شانۆیی كردبوو, كاتێك باسی له‌وه كرد كاركردنی ئێمه له‌شانۆدا گه‌یشتۆته
دۆخێك كه دۆخی میتا شانۆیه, ئه‌و پرۆسه‌ی میتا شانۆیه هه‌مان ئه‌و شانۆیه بوو كه
شاینا كاری تیا ده‌كرد, بۆیه له 1962 به‌هاوبه‌شی هه‌ڵسان به‌ده‌رهێنانی شانۆگه‌ری
(ئه‌كرۆپۆلیس).
ئه‌و پرۆژه هاوبه‌شه‌ی
نێوانیان به‌یه‌كێك له‌كاره دیاره‌كانیان داده‌نرێت, هه‌وڵێكی ئه‌لته‌رناتیف وجیاواز
بوو له‌شانۆدا, هاتنه دی دۆخێك بوو كه هه‌ردووكیان به‌شێوازی جیاواز كاریان بۆ ده‌كرد,
له‌لایه‌ك گرۆتۆفسكی له‌ئاستی ئه‌كته‌ر و له‌لایه‌ك شاینا له‌ئاستی سینۆگرافیاوه,
ویستیان له‌و ئه‌زموونه‌دا هه‌وڵه‌كان وگه‌ڕان وپشكنینه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه بۆ شانۆیه‌ك
كه له‌دۆخی دژه تازه‌گه‌ری بێت, ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی بانگه‌شه كاری نه‌بوو دژی شانۆی
تازه‌گه‌ری, به‌ڵام گه‌ڕان وپشكنینه شانۆییه‌كانیان گوتاری شانۆی به‌ره‌و دۆخێكی جیاواز
ده‌برد.
ئه‌م نمایشه نه‌ك ته‌نیا
بۆ شاینا, به‌ڵكو بۆ گرۆتۆفسكیش به‌دیارترین نمایشی ئه‌و داده‌نرێت, چونكه له‌و كاره‌دا
ئه‌و شانۆیه‌ی خوازیاری بوونه له‌ناو ئه‌م نمایشه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه, ئه‌وه سه‌رباری
ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه مرۆییه‌ی دیدی شێوه‌كاری شاینا به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت,
كه چه‌مكی مه‌رگی ژیاره, مه‌رگێك مرۆڤ ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌فسانه‌یی نیه, ئه‌وه مرۆڤی
هاوچه‌رخه له‌به‌رده‌م گۆڕی خۆیدایه, مه‌رگێك چه‌نده دیدێكی سریالی هه‌یه, كه
به‌مۆسیقاوه ڕووبه‌رووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه, له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه مۆسیقا ئاماژه‌یه‌كی
ڕوونی ژیار‌و ئاگایی مرۆڤه به ژیار‌و كولتوره‌وه.
چه‌مكی كو‌لتور له‌م
نمایشه‌دا وه‌ك له‌ڤیدیۆی تۆماركراوی نمایشه‌كه ده‌یبینین, چه‌مكێكی ڕوونه له‌هه‌ست
كردن به‌هه‌مان ئه‌و مه‌رگه‌ی كه ده‌رهێنه‌ره‌كه‌مان له‌كاتی بوونی له‌زیندان ڕووبه‌رووی
مه‌رگی كۆمه‌ڵی بۆته‌وه, كولتورو ژیار شتێك نیه جگه له ئاماده‌كردنه‌وه‌ی مرۆڤی
هاوچه‌رخ بۆ مه‌رگ, له‌ڕووی فیكریشه‌وه ده‌توانین ڕه‌خنه‌ی ئه‌و شانۆیه له‌به‌رامبه‌ر
دنیای تازه‌گه‌ری ببینین, كه به‌رهه‌مهێنه‌ری چ تراژیدیایه‌كی مرۆییه, به‌واتای شانۆی
پاش تازه‌گه‌ری به‌ته‌نیا كۆتایی به‌دۆخی تازه‌گه‌ری ناهێنێت, هێنده‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م
نمایشه‌وه ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی عه‌قڵی تازه‌گه‌ری ده‌كات, كه چۆن گوتاری عه‌قلانیه‌ت
وتازه‌گه‌ری بوونه به‌م دوانه‌یه‌ی كه ڕه‌وایه‌تیان به‌تازه‌گه‌ری ماددی داوه بۆ
كوشتنی مرۆڤ.
بۆیه ئه‌گه‌ر تازه‌گه‌ری
له‌سایه‌ی حوكمی هیتله‌ردا جه‌سته‌ی مرۆڤی پۆڵه‌ندی ده‌خاته فڕنی تایبه‌ت وده‌یسووتێنێت,
ئه‌وا شاینا سووتانی ئه‌و جه‌ستانه له‌ڕێگه‌ی نمایشی شانۆییه‌وه ده‌هێنێته‌وه ناو
ژیان, ئه‌و ترسه له‌تازه‌گه‌ری ده‌گوازێته‌وه بۆ دۆخێكیتر كه شانۆیه‌كی پاش تازه‌گه‌ریه,
ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژی نیه له‌تازه‌گه‌ری, به‌ڵكو دیدێكی شانۆییه له‌خوێندنه‌وه‌ی
یاده‌وه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌و چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی له‌شانۆدا, كه شوناسی بوونی وابه‌سته
بێت به تراژیدیاكانیه‌وه, به‌ڵام شوناسێك له‌ده‌ره‌وه‌ی نوسینه‌وه‌ی مێژوو, به‌ڵكو
له‌خوێندنه‌وه‌ی ناته‌بایانه بۆ ئه‌و یاده‌وه‌ریه, ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه ئینتیما ناكات
بۆ ڕووداوێك كه ڕوویداوه, به‌ڵكو ئه‌و ڕووداوه هێزی نائاماده‌بوونه بۆ ئاماده‌بوونی
جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر, به‌واتای ئه‌وه شانۆیه تۆقێنه‌ری نازیزم ده‌خاته ڕوو, نه‌وه‌ك
تۆقێنه‌ری نازیزم بكرێت به نمایشێكی شانۆیی.
پڕۆسه‌ی ئاماده‌بوونی
ئه‌كته‌ر دیدێكی ئه‌زمونكاریانه‌ی تایبه‌تمه‌نده, كه په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندیی
نێوان جه‌سته‌و سینۆگرافیاوه, ئه‌وه نووسینه‌وه‌ی خه‌ونی مرۆڤی پۆڵه‌ندیه, چۆنیه‌تی
سه‌یركردنه‌وه‌ی دنیایه, ئه‌و دیده له‌ناو شانۆ وێنا ده‌كاته‌وه, بۆیه ئه‌كته‌ر
بایه‌خێكی گرنگی پێ ده‌درێت, ناوه‌ندگه‌ری ڕووداوی شانۆییه, ئه‌كته‌ر بووكه شووشه‌یه‌ك
نیه له‌ناو نمایشدا, هێزی ئاماده‌بوونی شانۆ.. له‌هێزی ئه‌كته‌ردایه, ئه‌وه ئه‌كته‌ره
بوونی خۆی له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیكردن به سینۆگرافیاوه, خۆی ده‌كاته ئه‌و ناوه‌نده‌ی
ته‌واوی ڕووداوه شانۆییه‌كان بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت, ئه‌كته‌ر له‌لای شاینه له‌شاعیرێك
ده‌چێت كه دنیا له‌ڕوانگه‌ی شیعریی ئه‌و شاعیره‌وه بنیات ده‌نرێت, بۆیه هاوكێشه‌ی
شانۆكه‌ی ده‌بێت به (ئه‌كته‌ر+ ده‌رهێنه‌ر+ نووسه‌ر).
جیهانبینی شانۆیی ئه‌و
ده‌رهێنه‌ره له‌ڕێگه‌ی نمایشی ئه‌كرۆپۆلیس
ده‌ركه‌وت, توانی كه‌ره‌سته ئه‌زمونكاریه‌كانی خۆی به‌ته‌واوی له‌شانۆدا بخاته
ڕوو, ئه‌وه‌ش وایكرد ڕووبه‌رووی كۆمه‌ڵه تێكستێكیتر ببێته‌وه‌و درێژه بدات به‌پرۆژه
سریالیه خه‌ونه ده‌روونشیكاریه‌كه‌ی, به‌تایبه‌ت له‌نمایشه‌كانی "كێڵگه‌ی به‌تاڵ,
دیمه‌نی ته‌قه‌كردن له پۆڵه‌ندیه‌كان" هه‌روه‌ها به‌رده‌وام خۆشی سیناریۆی شانۆیی
ده‌نووسی وكاری تیا ده‌كرد, ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ویستی له‌ته‌ك تێكسته ئه‌ده‌بیه
باڵاكان, دیدی شێوه‌كاری بنیات بنێت, ئه‌وه‌ش به‌سریالیكردنی وێنه بوو له‌ناو ئه‌و
تێكستانه‌ی كه‌له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی ده‌رگای فراوانیان بۆ خوێندنه‌وه لێكرابۆوه,
بۆیه شاینه مامه‌له‌كردنی له‌ته‌ك ئه‌و تێكستانه بۆ بینه‌ر ده‌یزانی كه نمایش چی
له‌تێكست وه‌رگرتووه, هه‌ندێكجار ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌تێكست وه‌ریده‌گرت به‌ته‌نیا به‌شێك
ده‌بوو له‌زه‌مه‌نی كاره‌كته‌ر, له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌م شانۆگه‌ریانه‌ی نمایش كرد:
دۆنكیشۆتی سیرفانتس وكۆتره‌كانی مایكۆفسكی وجه‌نابی موفه‌تیشی گۆگۆڵ وخه‌ونی نیوه
شه‌وی هاوینی شكسپیر وكۆشكی كافكا, هه‌روه‌ها كاتێ ڕوو ده‌كاته تێكسته‌كه‌ی گۆته‌و
وشانۆگه‌ری فاوست ده‌رده‌هێنێت, ڕوانینی شانۆیی ئه‌و چ له‌ئاستی كرده‌ی ده‌رهێنان ویاخود
له سینۆگرافیای شانۆیی به‌ته‌واوی شانۆكه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م نمایشه‌وه ده‌گاته لوتكه
كه شانۆكه‌ی نه‌ك به‌ته‌نیا ببێت به‌خاوه‌ن گوتارێكی تایبه‌تمه‌ند, به‌ڵكو له‌ئاستی
جوانكاریشه‌وه تیۆری شانۆیی تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێت, ئه‌وه‌ش خاڵێكی گرنگی پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی
هه‌ر شانۆیه‌كه كه چۆن ڕووبه‌رووی چێژی باو وبنیاتنانه‌وه‌ی چێژ ده‌بێته‌وه له‌ڕێگه‌ی
تیۆرێكی نوێ بۆ جوانیناسی.
سه‌رباری ئه‌و شه‌پۆڵه
ڕه‌خنه‌ییه‌ی ره‌خنه‌گرانی شانۆی پۆڵه‌ندی له‌ساته‌وه‌ختی نمایشه‌كه ئاراسته‌ی شاینای
ده‌كه‌ن, به‌ڵام وه‌ك به‌شێك له‌توێژه‌رانی ئه‌م شانۆیه باس له‌هۆكاری ئه‌و ڕه‌خنانه
ده‌كه‌ن, كه به‌هۆی ئه‌و ڕه‌هه‌نده ده‌ست نیشان كراوه‌ی تێگه‌یشتن له‌تێكست وله‌لایه‌كیتر
له‌ڕوانین بوو بۆ تیۆریی جوانیناسی, كه شاینا له‌ڕێگه‌ی تیۆرێكیتر بۆ جوانیناسی و
ده‌ركه‌وتنی ڕۆڵی سینۆگرافیا وه‌ك ده‌رهێنانی شانۆیی ڕووبه‌رێكیتری بنیات نا له‌ناو
دۆخی پاش تازه‌گه‌ری شانۆیی, كه ببێته زه‌مینه‌ی ئه‌و دۆخه نوێیه بۆ ئه‌زموونی
جیاواز وئه‌لته‌رناتیڤ له‌شانۆدا.
په‌راوێزو سه‌رچاوه‌كان:
(1) زبيجنييــف تارانــيـيـنـكو:
فضاءات شاينــا المسرحية, ترجمة: د. محمد هناء عبد الفتاح متولى, ص 85
(2) أ.أ.جروجيتسكي:
المخرج البولندي جوزيف شاينا والجحيم النازي، ترجمة (د. فاضل سوداني) موقع (ايلاف)
21 سبتمبر 2008
(3) أ.جروجيتسكي: المخرج
جوزيف شاينا/ ، ترجمة (د. فاضل سوداني) موقع ايلاف 29/سبتمبر/ 2008
(4) بيتر بروك-تيري
ايجلتون واخرون: التفسير و التفكيك والايديولوجية، أختيار و ترجمة (نهاد صليحة) الهيئة
المصرية العامة لكتاب (قاهرة) 2000/ ص 324
(5) أوجست جرودجيتسكى:
حركة التجديد في المسرح العالمي, الهيئة المصرية العامة للكتاب, 2010 (القاهرة) ص
267
(6) شه‌ماڵ عومه‌ر:
نامه‌یه‌كی شه‌ماڵ عومه‌ر بۆ نیهاد جامی, شانۆكار ژماره (6/7) ی 2009, لا 83
تعليقات
إرسال تعليق