دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی نوێ بۆ شانۆیه‌ك كه تایبه‌ت بێت به‌جه‌سته‌وه, به‌ته‌نیا بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌زموونێك نیه تایبه‌ت بێت به بانتۆمایمه‌وه, به‌ڵكو به‌لای تۆماشفسكی ئه‌وه ئه‌زموونكردنی جه‌سته‌یه له‌ته‌ك سه‌ماو درامادا, بۆیه شانۆكه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ر له‌پڕۆسه‌ی ناونان بانتۆمایم بێت, به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا بانتۆمایمێكه كه هه‌ڵگری سه‌ماو درامایه, جۆرێكی نزیكه له‌سه‌مای بالێ, ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا ناكۆكی بۆ درووستكرد له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌پێشه‌نگه‌كانی شانۆی پۆڵه‌ندی كه مامۆستای خۆشی بوو ئه‌ویش ئیفۆ كاڵ بوو, كه‌پێی وابوو تۆماشفسكی به‌م نزیكبوونه‌وه‌ی بانتۆمایم له‌سه‌مای بالێ له‌ڕاستیدا ناپاكی له‌شانۆ كردووه, هه‌ڵبه‌ت تۆماشفسكی به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌رێكی به‌توانا بوو هه‌روه‌ها خه‌ریكی خوێندنی سه‌مای بالێش بوو, ئه‌وه وایكردبوو له‌شانۆكه‌یدا ته‌وزیفی بكاته‌وه.
ئه‌م شانۆیه بووه كۆڵه‌گه‌ی بانتۆمایمی هاوچه‌رخی پۆڵه‌ندی, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاراسته‌یه‌كیتری له بانتۆمایمی شانۆی پۆله‌ندی دۆزیه‌وه, كه بانتۆمایم له‌م شانۆیه‌دا هونه‌رێكی گوزارشتی بوو, كه نه‌یده‌توانی سنوره‌كانی خۆی تێپه‌ڕێنێت, به‌لام به‌كاركردنی تۆماشفسكی ئاراسته‌یه‌كیتر و رووبه‌رێكی فراوانتری ئه‌م شانۆیه ده‌ركه‌وت, كه بووه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی جه‌سته له‌شانۆدا, كه گرنگی ئه‌و به‌دوای گرۆتۆفسكی بێت.
هه‌ڵبه‌ت له‌ڕووی ستراتیژی پرسیاره شانۆییه‌كان وهه‌ندێك له‌چه‌مكه‌كانی كاركردن ئه‌و له گرۆتۆفسكی نزیكه, به‌تایبه‌ت له‌بوونی جوله‌كردن كه دیدێكی هونه‌ری ڕووت نیه بۆ شانۆ, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی گوتارێكه بۆ مرۆڤ وبایه‌خدانیانه به مرۆڤ وبینه‌ری ئاماده‌بوو, ئه‌وه‌ش كاركردنێكی جیاوازه له‌گه‌ڵ بینه‌ر, هه‌وڵدانه بۆ گوتارێكی هاودژ كه پێشتر بایه‌خدان به بینه‌ر په‌یوه‌ست نه‌بووه به جه‌سته‌وه, به‌ڵكو بایه‌خدان به ووشه بووه, زۆربه‌ی جار ووشه ڕۆڵی كاریگه‌ری بینیووه له فریوودان وسه‌رگه‌رمكردنی.
هه‌ڵبه‌ت نزیكی نێوانیان به‌و مانایه نیه, بونیاده‌كانی ئه‌م دوو شانۆیه له‌یه‌كه‌وه نزیك بن, وه‌ك ئه‌ندره هازبرانت له‌توێژینه‌وه فراوانه‌كه‌ی له‌باره‌ی شانۆی تۆماشفسكی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات و ده‌نووسێت "شانۆی بانتۆمایمی تۆماشفسكی وشانۆی لابۆریی گرۆتۆفسكی دوو شێوه‌ی له‌یه‌كچوو نین له‌شانۆدا, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌ره‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ڕوون ده‌چن یاخود ده‌یانه‌وێ یه‌كتری ته‌واو بكه‌ن, له‌میتۆدو هه‌ڵوێستدا هه‌ریه‌ك له‌م دوو هونه‌رمه‌نده خاڵی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه" (مسرح توماشفسكي.. أندرة هازبراندت.. ترجمة (يحيى صاحب) دار الشؤون الثقافية (بغداد) 2006, ص36)
هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌كانی شانۆی تۆماشفسكی هه‌وڵی تاكگه‌رایانه بوون له‌شێوه‌ی شانۆی مۆنۆدرامی نمایشی ده‌كرد, یه‌كه‌م كاریشی به‌ناوی (پیانۆژه‌ن) بوو كه مۆنۆدرامایه‌كی بێده‌نگ بوو له چاره‌گێك تێنه‌ده‌په‌ڕی, بڕوای وابوو له‌ڕابردوودا پۆڵه‌ندا شانۆی وه‌ك هونه‌ر نه‌ناسیووه, ئه‌و تێگه‌یشتنه په‌یوه‌ست بوو به‌سووربوونی له‌سه‌ر شانۆیه‌كی هونه‌ری كه له‌ته‌ك خه‌ونی ئه‌و نه‌وه شانۆكار یه‌كبگرێته‌وه.
به‌دوای ئه‌وه هه‌نگاوه‌كانی برده ناو شانۆیه‌ك كه په‌یوه‌ست بێت به خه‌یاڵه‌وه, كاتێك هه‌وڵه‌كانی له‌شانۆیه‌كی تاك ئه‌كته‌ری گواسته‌وه بۆ شانۆیه‌كی فراوان, پرۆژه‌كه‌ی فراوان كرد, ئه‌وه وایكرد بایه‌خدانیشی به پێكهاته هونه‌ریه‌كانیتری وه‌كو جلوبه‌رگ ومۆسیقا گرنگی خۆی هه‌بێت له‌شانۆكه‌یدا, ده‌نگ ئاماده‌بوونێكی پته‌وی هه‌بوو وه‌ك بونیادێكی سه‌ره‌كی ئه‌م شانۆیه, هه‌روه‌ها بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان جه‌سته‌و گوزارشته‌كانی زۆربه‌ی كات پشت ده‌به‌ستێت به‌مۆسیقای كلاسیكی, به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه كاره‌كانی له‌شاری رۆكلاف نمایش ده‌كرد, ئه‌وه وایكرد شانۆكه‌ی به به‌رهه‌می ئه‌و شوێنه بناسرێته‌وه, به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر شانۆی پۆلسكی تیاته‌ر.
سه‌رباری پابه‌ست بوونی به‌خه‌یاڵی هونه‌ری بۆ شانۆكه‌ی, كه هه‌میشه جه‌ختی له‌سه‌ر خه‌یاڵی هونه‌ری وفراوانبوونی ره‌هه‌نده‌كانی خه‌یاڵكردن وپه‌یوه‌ندیی نێوان ئاره‌زوو وعه‌قڵ به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه, بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ رووبه‌ری فراوان بۆ شانۆكه‌ی ته‌رخان بكات, به‌ڵام ئه‌وه به‌فه‌رامۆشكردنی نه‌بوو بۆ تێكستی ئه‌ده‌بی, به‌ڵكو تێكستی ئه‌ده‌بی ده‌كرده زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ كاری تیا بكاته‌وه‌و به‌پێی پێداویستی شانۆكه‌ی به‌كاری بێنێته‌وه, وه‌ك له‌كاركردنی له‌ته‌ك فیكتۆر هۆگۆ یاخود له (پاڵتۆ) ی گۆگۆڵ, هه‌روه‌ها كاری له‌ته‌ك ئه‌فسانه‌ی گلگامش كردووه, ئه‌و ده‌مه‌ی ڕووبه‌رووی فاوستی گۆته ده‌بێته‌وه, ده‌یه‌وێ به‌پێی ویستی هونه‌ری وپێداویستی شانۆكه‌ی كارێكی لێ درووست بكات, بۆ ئه‌وه‌ش شانۆیه‌ك نمایش ده‌كات به‌ناوی (رۆیشتنی فاوست)
له شانۆكانیدا جگه له‌خۆی كه‌س ئاماده‌كارو نوسه‌رو ده‌رهێنه‌ر نه‌بوو, ته‌واوی به‌شداران ئه‌كته‌ر بوون, ئه‌وه‌ش وای كردبوو بیركه‌ره‌وه‌ی ناو كاره‌كان خۆی بێت, چونكه ده‌یزانی پڕۆژه‌یه‌كی هه‌یه له‌م شانۆیه‌دا ده‌بێت هه‌نگاوه‌كانی به‌پێی هه‌وڵه‌كان تێپه‌رێَنێت.
ئاوێته بوون چه‌مكێكی سه‌ره‌كی شانۆكه‌یه‌تی كه شانۆیه‌كی سه‌مای درامیه, ئه‌م شانۆیه له‌ڕێگه‌ی ئاوێته بوون سه‌ماو بانتۆمایم له‌گوتارێكی درامیدا چڕ ده‌كاته‌وه, ئه‌وه‌ش جوله ده‌كاته سێنتراڵی پانتایی وزه‌مه‌ن, تیایدا جوله وێنای ماتریاله‌كان ده‌كات, بانتۆمایم له‌هونه‌رێكی گوزارشتی ناهێلێته‌وه, وه‌ك چۆن سه‌ماش به‌ته‌نیا هونه‌رێك نیه له‌ناو كاری ئیرۆتیكی وجه‌سته‌یی, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی جوله پانتایی وزه‌مه‌نی كاره‌كه چڕ ده‌كاته‌وه له‌ناو یه‌كتری ویه‌كگرتنێكی هونه‌ری پێك دێنێت, كه گوتاری شانۆكه‌یه, ئه‌وه‌ش بوو به سیما تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی بانتومایمی هاوچه‌رخ له‌شانۆی پۆڵه‌ندیدا.
تعليقات
إرسال تعليق