نیگه‌رانیه‌ك نیه له‌شانۆدا كاتێ ده‌رهێنه‌رێكی سینه‌مایی ڕوو بكاته ده‌رهێنانی كاری شانۆیی, چونكه ئه‌وه ڕوونه كه بیه‌وێت به‌خه‌یاڵێكی سینه‌ماییه‌وه له‌شانۆدا كار بكات, ئه‌و خه‌یاڵه سینه‌ماییه بۆ پێكهاتی ڕه‌نگ و وێنه‌و بارستایی وبۆشایی كۆمه‌كی زۆری ده‌كات, به‌ڵام كاتێ ده‌رهێنه‌ری سینه‌مای پۆڵه‌ندیی ئه‌نگی ڤایدا له‌پاڵ كاری سینه‌مایی ده‌رهێنانی نمایشی شانۆیش ده‌كات, چی به‌شانۆ ده‌به‌خشێت؟
یه‌كێك له‌بنه‌ماكانی سینه‌ما كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بیگوازێته‌وه بۆ شانۆ كاركردنه له‌ته‌ك ئه‌و تێكستانه‌ی بۆ سینه‌ما ده‌رهێنه‌ران بیر له‌سیناریۆ نووسین تیایدا ده‌كه‌نه‌وه, بۆیه ده‌بینین ئه‌و كارانه‌ی ئه‌ویش بۆ شانۆ ده‌ریده‌هێنێت زۆربه‌ی جار رۆمانه دیاره‌كانه له‌جۆری ڕۆمانه‌كانی دستۆفسكی و ئه‌لبێر كامۆ, ئه‌وه ڕوانینی سینه‌ماییانه‌یه بۆ چۆنیه‌تی كاركردن, چونكه به‌تایبه‌ت دستۆفسكی بۆخۆی سه‌ركێشی كاركردنه له‌شانۆدا, به‌وه‌ی چۆن ئه‌توانین وێنه‌یه‌كی دستۆفسكی له‌ئاستێكی هونه‌ری دوور له‌پانتاییه ئه‌ده‌بیه‌كانه‌وه به‌رهه‌م بێنین؟
ئێمه كاتێك له‌باره‌ی كه‌سێكی وه‌كو ڤایدا قسه ده‌كه‌ین, مانای وایه له‌سه‌ر ده‌رهێنه‌رێك ده‌وه‌ستین كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیدی بۆ شانۆ له‌وانیتر ناچێت, ئه‌و وه‌ك خۆی باسی ده‌كات "ناكرێت بۆ من شتێك ده‌ربهێنم, بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نه‌زانم باگراونده‌كه‌ی چیه, ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیمه‌نه‌كه له‌پێش چاوم ببینم, به‌دوای ئه‌وه ڕووداوه شانۆییه‌كان به‌ده‌وریدا بسووڕێنه‌وه, له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش من خۆم دیزاینه‌ری سینۆگرافیا شانۆییه‌كانم ده‌كه‌م" (حركة التجديد في المسرح العالمي.. أوجست جرودجيتسكى, ترجمة: د. هناء عبدالفتاح, الهيئة المصرية العامة للكتاب (القاهرة) 2010, ص322)
ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خه‌یاڵی سینه‌مایی وای لێده‌كات ده‌بێت ئه‌و تێكستانه‌ی ده‌یه‌وێ بۆ شانۆ ده‌ریبهێنێت, ته‌واوی دیمه‌نه‌كه و پێكهاته‌كانی وێنه به‌به‌رچاوی خۆی ببینێت, ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی فیلمسازه بۆ وێنه, كه ده‌رهێنه‌ری شانۆیی به‌ده‌گمه‌ن به‌م شێوه‌یه بیر له‌وێنه‌ی شانۆیی ونمایشه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه, ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات سه‌رسامی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه بخاته ڕوو, كه كه‌سانیتر كاری سینۆگرافیایان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئه‌و ئه‌گه‌ر بۆ سینۆگرافیاو دیمه‌نه‌كان پێویستی به‌وه بێت له‌سه‌ره‌تاوه هه‌موو شتێك ببینێت, به‌ڵام تاكه شتێك كه نایه‌وێ له‌سه‌ره‌تاوه بیخاته ڕوو, ته‌واوی وورده‌كاری نواندن و كه‌سایه‌تیه‌كانه بۆ ئه‌كته‌ر, ده‌یه‌وێت له‌ئه‌تمۆسفێری شانۆكه‌دا ئه‌كته‌ره‌كان به‌دوای بونیادی كه‌سایه‌تیه‌كان وئه‌و دیدگایه بگه‌ڕێن كه ڤایدا ده‌یه‌وێت بیخاته ڕوو, بۆیه كاتێ به‌م شێوه‌یه له‌ته‌ك ڕۆمانی (سه‌گه‌كان) ی دستۆفسكی كار بكات, ئه‌و گریمانه سه‌ره‌تاییانه‌ی خۆی ناسه‌پێنێت, هێنده‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌كته‌ر له‌پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی مه‌شقدا بتوانێ بگات به بونیادی كه‌سێتی كاره‌كته‌ر.
ئه‌و هه‌ندێكجار ئه‌و ده‌قانه هه‌ڵده‌بژێرێت كه هه‌ر له‌ناونیشانه‌وه هه‌ڵگری تانوپۆیه‌كی شیعرین, وه‌كو شانۆگه‌ریه‌كه‌ی میشێل فینست گازۆ به‌ناوی (شه‌بقه‌یه‌كی پڕ له‌ئاوی باران) سه‌یر نیه له‌كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌وه یه‌كه‌م كاری شانۆیی ئه‌و بوو بێت, ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و ڕوانینه شیعریه له‌ناونیشانه‌وه ده‌بێته جێگای سه‌رنجی, وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه ده‌بێته جێگای تێڕامان سه‌ركێشی وكاركردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و تێكستانه‌ی سه‌ختن بۆ كاركردن, یاخود بونیادی پێكهاته‌كانیان گوتاری فه‌لسه‌فی وئاستی به‌رزی هونه‌رین, ئه‌وانه ده‌بنه پڕۆژه‌ی ده‌رهێنانی ڤایدا له‌شانۆدا, وه‌ك شانۆگه‌ریه‌كانی (هاملێت) ی شكسپیر و (با ته‌مسیل بكه‌ین ستره‌ندبێری) دۆرینمات.
ئه‌و زانیویه‌تی كه‌شانۆ ده‌رده‌هێنێت.. ئه‌وه شانۆیه سینه‌ما نیه, ده‌بێت هه‌ڵگری سیستم وگوتاری شانۆیی بێت, به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌شی نه‌شاردۆته‌وه, كه شانۆ پێویستی به‌زمانێكی سینه‌مایی هه‌یه, ئه‌وه وا ده‌كات شانۆكه‌ی له‌ئاستێكی به‌رزی هونه‌ری بێت, بۆ خۆشی ببێت به یه‌كێك له‌ناوه گرنگه‌كانی شانۆی نوێی پۆڵه‌ندی, له‌هه‌مانكاتدا ویستویه‌تی په‌یوه‌ندیه‌ك له‌نێوان دیدی سینه‌مایی وشانۆیی به‌رجه‌سته بكات وه‌ك كاتێ یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی ئه‌لبێر كامۆ بۆ شانۆ ده‌رده‌هێنێت, له جلوبه‌رگی ئه‌كته‌رو پێڵاوه‌كانیان كه قوڕاوین, په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌كه درووست كردووه كه دیمه‌نێكی قوڕاویی بێت, ئه‌وه‌ش ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌ئاسمانی شانۆكه‌شه‌وه هه‌یه, ئه‌و دیمه‌نه ئه‌گه‌ر زیاتر له‌سینه‌ماوه نزیك بێت, به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا بۆ ئه‌و دیمه‌نه ویستویه‌تی له‌شانۆی بونراكی ژاپۆنی نزیك ببێته‌وه.
له‌ڕووی ته‌كنیكیه‌وه ده‌شێت شانۆگه‌ریه‌كانی ڤایدا له‌شانۆی شێوه‌كاری پۆڵه‌ندی نزیك بێت, به‌تایبه‌ت له‌بوونی شیعریه‌تی شانۆكه‌ی ودابه‌ش بوونی به‌سه‌ر خه‌ون له‌شانۆگه‌ری (شتێك له نۆفێمبه‌ر), به‌ڵام ئه‌و وێنه شانۆییه نابێته شانۆیه‌كی شێوه‌كاری, هێنده‌ی له‌ئه‌زمونی (ئاهه‌نگی ژنهێنان ) ته‌نانه‌ت یه‌ك دێری له‌ووشه‌كانی ستانیسواف فیسبانسكی لا نه‌بردووه, كه‌چی له‌هه‌مان كاتدا وێنه له‌نێوان خه‌ون وشیعرو مۆسیقاوه نزیكه له‌ته‌كنیكی شانۆی شێوه‌كاریی, ئه‌و نزیك بوونه‌ش زاده‌ی دیدی سینه‌ماییه بۆ وێنه, به‌تایبه‌ت له‌دیمه‌نه بێده‌نگه‌كان, مۆسیقا كاریگه‌ری ته‌واو به‌سه‌ر وێنه جێدێلێت.
ئه‌و تێگه‌یشتنه هونه‌ریانه‌ی وای كردووه دوو له‌كاره‌كانی بۆ شانۆ بتوانێ دیدگای شانۆكاران به‌ته‌واوی بۆ لای خۆی ڕأبكێشێت, شانۆگه‌ری (كاتێ تێگه‌یشتن ده‌خه‌وێت) ئه‌وه زیاتر له‌ته‌كنیكی شانۆی شێوه‌كاری نزیك ده‌بێته‌وه, كه ده‌توانین به‌شانۆیه‌كی وێنه‌یی زیاتر بیبینین, به‌هۆی بوونی وێنه وه‌ك پێكهاتێكی سه‌ره‌كی ناو سینه‌ماو شێوه‌كاری كه مۆسیقا به‌شداری ئه‌و هونه‌رانه ده‌كات و له‌نمایشێكی شانۆییدا چڕ بونه‌ته‌وه, كاره‌كه‌ش له‌باره‌ی كاره شێوه‌كاریه‌كانی (گۆیا) یه, ڤایدا به‌م نمایشه توانی خه‌ڵاتی كۆنراد سیفنارسكی بباته‌وه كه گۆڤاری شانۆی پۆڵه‌ندی ئاماده‌ی كردبوو, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م نمایشه به باشترین شانۆگه‌ری ساڵی 1976 ی پۆڵه‌ندا ناو براوه.
هه‌روه‌ها شانۆگه‌ری (دوو كۆچه‌ر) ی مرۆژه‌ك, كه به بروای توێژه‌ران باشترین كاری ده‌رهێنان بۆ ئه‌و تێكسته كرابێت له‌سه‌رانسه‌ری جیهان, ئه‌و ده‌رهێنانه‌یه كه له‌هۆڵێكی سینه‌مایی نمایشكراوه, ته‌خته‌ی شانۆكه و شاشه‌ی سینه‌ماییه‌كه‌ی داپۆشیوه, شێوه كادرێكی سینه‌مایی درووست كردووه, ئه‌كته‌رو كه‌سایه‌تیه‌كان له‌هۆڵی بینه‌ران نزیك ده‌بنه‌وه, ڕووداوه‌كانی شانۆگه‌ریه‌كه له‌ناو كادره سینه‌ماییه‌كه‌وه ڕوو ده‌ده‌ن.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌نگی ڤایدا له‌شانۆدا وایكردووه ڕۆڵی ئه‌و هێنده گرنگ بێت له‌شانۆی نوێی پۆڵه‌ندی كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ركردنی ناوی ئه‌و له‌و شانۆیه وێنه‌یه‌كی ته‌واومان پێ نه‌به‌خشبێت له‌و شانۆیه, له‌ڕاستیدا ده‌توانین ڤایدا بۆ شانۆی نوێی پۆڵه‌ندی به‌تابلۆی ئه‌و ژنه‌ی مۆدیگلیانی ناوی به‌رین كه ڕووخساری ژنێكه ته‌واوی فیگوره‌كه‌ی كێشراوه, به‌ڵام نیگای چاوه‌كانی به به‌تاڵی جێهێشتووه, ئه‌وه شێتی نیه دیدگای هونه‌ریه وا ده‌كات به‌بێ فایدا نه‌توانین نیگاكان ودیدگا هونه‌ریه‌كانی ئه‌و شانۆیه ببینین.
تعليقات
إرسال تعليق