میتا شانۆ پڕۆسه‌ی له‌دایكبوونی ئه‌ودیوی ماناكانی شانۆیه، دژ وه‌ستانه‌وه‌یه به‌هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه بیه‌وێ بیكات به یاسای نه‌گۆڕ، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی كاركردنی گرۆتۆفسكی هاته بوون, ئه‌و ده‌مانه‌ی ویستی شانۆ بباته ناو ئه‌و دیو ماناكانی گوتار, بۆیه میتا شانۆ پڕۆسه‌ی خوڵقاندنه‌وه‌ی شانۆیه له‌ناو شانۆ, ئه‌وه دابڕانه له‌شانۆ وهاتنه دنیای ئه‌و دیو ماناكانه بۆ شانۆ, چیتر شانۆ پڕۆسه‌ی ئاماده‌كردنی پێشووه‌خت نیه له‌ناو پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی, به‌ڵكو تێكشكاندنی ئه‌و گوتاره‌یه, بۆیه ئه‌وه ئه‌ده‌ب نیه شانۆ بنیات ده‌نێت, به‌ڵكو خودی پڕۆسه شانۆییه‌كه خۆیه‌تی, ئه‌وه‌ش میتۆدی كاركردن ناكات به گوتاری نه‌گۆڕ, به‌ڵكو میتۆد هه‌میشه ده‌بێته زه‌مینه‌ی له‌دایكبوونه‌وه نوێ, ئه‌وه ده‌رگاكردنه‌وه‌یه به‌ره‌و ڕۆحی نوێبوونه‌وه, گه‌ڕان وپشكنین وای كرد گرۆتۆفسكی بۆ خۆشی نه‌بێت به گرۆتۆفسكیزم, به‌ڵكو ئێمه‌ی ڕووبه‌رووی ئه‌زموونێكیتر كردۆته‌وه كه بتوانین ناوی به‌رین به گرۆتۆفسكی دژی گرۆتۆفسكی, ئه‌و ناو بردنه به‌و هۆكاره‌یه كه شوێنێك نیه مانای كۆتایی بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌و, بۆیه ئه‌وه خاڵی جیاوازی ئه‌و داهێنه‌ره شانۆییه له‌گه‌ڵ هه‌ر میتۆد وده‌رهێنه‌رێكیتر.
بۆیه ئێمه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ته‌وای ئاست وجومگه‌كانی ئه‌و دۆخه شانۆییه كه به‌قۆناغی ڕاسته‌قینه‌ی له‌دایكبوونی شانۆ ناوی به‌رین بێنه دوان كه میتا شانۆیه, له‌كاتێكدا له‌و ده‌سپێكه‌وه ئه‌وه فه‌رامۆش ناكه‌ین كه خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی به‌ته‌نیا هاتنه ده‌نگی میتۆدێك نیه، به‌ڵكو خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مك و پرسیاركردنه له‌ناو واتا‌و ماناكانی نێو میتۆد، ئێمه هه‌میشه وا ڕاهاتووین له ئاستی میتۆدی بیریاره شانۆییه‌كان ستایشكاربین، ئه‌وه ستایشه نایه‌ڵێت ئه‌زموونكار بین، چونكه توانای خوێندنه‌وه تیایدا سنوری زمان تێناپه‌ڕێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه سڕینه‌وه نیه، هێنده‌ی ئیشكردنه‌وه‌یه‌كی نوێیه، پرسیار كردنه‌وه‌یه له‌ناو میتۆد، ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی گومانكاریه له‌پێناو گه‌ڕان به‌دوای نهێنیه‌كی ئاشكرا نه‌كراو، پرۆسه‌یه‌كه به‌دوای خوڵقاندنی جیاوازی تێگه‌یشتن ده‌گه‌ڕێت، جیاوازی تێگه‌یشتن له گرۆتۆفسكی نه‌ك وه‌ك میتۆدێكی جێگیر و وه‌ستاو كه مه‌به‌ستی ئه‌و نه‌بووه، به‌هۆی گه‌ڕانی ئه‌زموونكاریی به‌رده‌وام، به‌ڵكو گرۆتۆفسكی بۆخۆی دژی ئه‌و گرۆتۆفسكیه وه‌ستاوه، ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی كه‌شف كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیه‌تی له شانۆدا، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی نێوان (شانۆ و كو‌لتور) و (شانۆ و فه‌لسه‌فه) و (شانۆ و بینه‌ر) ئه‌گه‌رچی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه پێویستیان به گفتوگۆی قووڵ هه‌یه، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌زموونكاریه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه بۆ ئه‌كته‌ر، به‌واتای ئه‌و كاتێ به‌ره‌و جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، مانای وایه ده‌یه‌وێ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندیه‌كان جه‌سته به‌رهه‌می بێنێت، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بوو بۆ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری، كه جه‌سته زمانی شانۆ بێت.
چونكه توانای له‌دایكبوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی هه‌بوو، ئه‌و پرۆسه‌یه په‌یوه‌ندی نێوان شانۆ و فه‌لسه‌فه‌ی له شانۆ گۆڕی بۆ شانۆی فه‌لسه‌فی، چونكه ئه‌گه‌ر شانۆ تاساته‌وه‌ختی ئیشكردنی ئارتۆ گوزارشت كردن بووبێت له فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ، كه له ڕاستیدا فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ده‌بی شانۆ بووه، ئارتۆ ئه‌ده‌بی تیا گۆڕی بۆ شانۆ خۆی، ئه‌وه‌ش ڕێگایه‌كی درێژی له‌كۆڵ گرۆتۆفسكی كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ شانۆ له‌ڕێگه‌ی زمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه، دوور له گریمانه‌ی نووسراوی نووسه‌ر وپێكهاته شێوه‌كاریه‌كان، شانۆی له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه برده نێو فه‌لسه‌فه.
به‌وه‌ش شانۆكه‌ی بوو به شانۆیه‌كی فه‌لسه‌فی، ئه‌وه بانگه‌شه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و ڕواڵه‌تخوازانه نیه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی ئیشكردنی بوو، له‌نێو چه‌ندین زانستی وه‌كو (ئه‌نترۆپۆلۆژیای كولتوری، سیمیۆلۆژیا، سایكۆلۆژیا، فۆنۆلۆژی) به‌ڵام به‌هۆی فراوانی ئه‌و زانستانه له ئیشكردنی شانۆیی ناتوانین له‌نێو ڕه‌هه‌ندێكی ده‌ست نیشان كرا‌و ته‌ماشایان بكه‌ین، نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌زموونكارێكیتر، به‌ڵكو بۆ خودی گرۆتۆفسكی خۆشی، چونكه هه‌ریه‌ك له‌و زانستانه به‌مه‌به‌ستی نمایش كردنیان نه‌بوو له‌ناو شانۆ، هێنده‌ی بنیاتنانی زانستی شانۆ بوو، زانستی شانۆ به‌دوای شانۆیه‌كی فه‌لسه‌فی هاته بوون، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌و جیاوازیانه‌ی كه كێشه‌یه‌كی دیاله‌كتیكی ئه‌زموونگه‌ریه له‌باره‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌وه.
ئه‌زموونی گرۆتۆفسكی پرۆسه‌ی دژه شانۆیه، به‌واتای ئه‌زموونگه‌ری به‌لایه‌وه دژایه‌تی كردنی ته‌واوی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه باس له تازه‌گه‌ری ده‌كه‌ن، چونكه تازه‌گه‌ریه‌كی ته‌كنه‌لۆژیه، وه‌ك چۆن ئه‌ده‌ب و ته‌كنه‌لۆژیا ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌بن و شوناسی تازه‌گه‌ر به‌و شانۆیه ده‌به‌خشن، ئه‌وه ئه‌گه‌ر شوناسی تازه‌گه‌ری بووبێت له شانۆدا، كه برێخت و بسكاتور زیاتر به‌رهه‌م هێنه‌ری بوون، ئه‌وه گرۆتۆفسكی له‌ڕێگه‌ی تواناكانی ئه‌كته‌ر كۆتایی به پرۆژه‌ی تازه‌گه‌ری هێنا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی تر بوو بۆ شانۆی پاش تازه‌گه‌ری، به‌دوای ئه‌وه‌ی ئارتۆ بنه‌مای تیۆریی بۆ ئه‌و شانۆیه هێنایه كایه‌وه، گرۆتۆفسكی بانگه‌شه‌ی بۆ هاتنه دی ئه‌و قۆناغه نوێیه كرد، ئه‌وه‌شی له‌ڕێگه‌ی ووته‌یه‌كی گرنگی ده‌رخست كاتێ ووتی "ئێمه له سه‌ده‌ی میتا شانۆدا ده‌ژین"(عدنان مبارك: غروتوفسكى اشكالية صهر المسرحي باللامسرحي, موقع مسرحيون)
كه كۆتاهاتن بوو به كۆتایی هاتنی ئه‌و تازه‌گه‌ریه‌ی كه له‌سه‌ده‌ی خۆی له‌نێو گۆڕان و ئه‌زموونه‌كانی گه‌یشته چله پۆپه و ئیدی شانۆ پێویستی به سه‌ده‌ی میتا بوونی خۆی هه‌یه، ئه‌و سه‌ده نوێیه‌ش تێگه‌یشتن له‌شانۆ بنه‌ماكانی خۆی له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه بنیات ده‌نێت، جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر تاكه سه‌رچاوه‌یه‌كه، هه‌ر ئه‌ویش زاراوه‌ی جه‌سته‌ی قه‌دیسی به ئه‌كته‌ر به‌خشی، به‌كارهێنانی زاراوه‌ی قه‌دیس بۆ ئه‌كته‌ر په‌یوه‌ندی به تێگه‌یشتنێكی ئاینیه‌وه نیه، هێنده‌ی تێگه‌یشتنێكی كولتوریه، به‌وه‌ی ئه‌كته‌ر پیرۆزترین توخمه له نمایشی شانۆییدا.
به‌واتای گرۆتۆفسكی مه‌به‌ستیه‌تی هه‌موو پیرۆزیه‌ك به شانۆ ببه‌خشێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ناو له ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌نێت (شانۆی هه‌ژار) كه‌چی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه كه ئه‌وانه ببنه یاسای كۆنكرێتی، به‌ڵكو بنه‌مای تیۆری ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تی، بۆیه بڕوای وایه ئه‌وه‌ی ڕێسایه‌كی پیرۆز له شانۆ درووست ده‌كات ئه‌وه نه‌بوونی ڕێسایه، ئه‌وه‌ش وای كردووه، گرۆتۆفسكی نه‌یه‌وێ ببێ به گرۆتۆفسكیزم، به‌ڵكو ئه‌زموونگه‌ری له شانۆدا ناوی (گرۆتۆفسكی دژی گرۆتۆفسكی) پێ ببه‌خشێت.
ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا پێویستی به خوڵقاندنی ئه‌و پرۆسه‌ی میتا شانۆیه هه‌بوو، چ له‌ڕووی گۆڕینی چێژی شانۆیی یاخود تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به داهێنان و تازه‌گه‌ری ناو ده‌بران، به‌تایبه‌ت كه تازه‌گه‌ری خۆر ئاوایی له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه ته‌نیا جه‌نگ و كوشتاری به‌رهه‌م نه‌هێنا بوو، به‌ڵكو ده‌یویست هونه‌ر وهه‌موو جوانیه مرۆییه‌كان له مرۆڤ بسه‌نێته‌وه وبیداته‌وه به ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌روه‌ك چۆن تازه‌گه‌ری ته‌كنه‌لۆژیای بۆ شانۆ هێنا، به‌ڵام له‌و ڕێگه‌یه‌وه تواناكانی له شانۆ سه‌نده‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نمایشی شانۆیی له‌وه ده‌رده‌چوو كه جه‌سته‌ی مرۆیی به‌رهه‌م هێنه‌ری بێت، به‌ڵكو ئه‌وه ته‌كنه‌لۆژیا بوو پێكهاته وته‌نانه‌ت ئیستاتیكاشی تیا به‌رهه‌م دێنا، ئه‌و بوو به‌شداریه‌كی چالاكی ده‌كرد ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی سینۆگرافیای شانۆیش دیسان ته‌كنه‌لۆژیا زیاتر خۆی پته‌و كرد تیایدا.
ده‌ركردنی ته‌كنه‌لۆژیا له شانۆدا.. ده‌سپێكی ئه‌زموونی جیاواز بوو، ئه‌زموونێك پێویستی به‌وه بوو زمان وئیستاتیكا وپانتایی وداڕشتنه‌وه وخوڵقاندن به ئاقاری هاودژ ببات، گرۆتۆفسكی توانی له‌ڕێگه‌ی ته‌كنیكی جه‌سته‌وه میتۆدێك بۆ نواندن دابنێت، كه ته‌كنه‌لۆژیای پێبكاته ده‌ره‌وه، ئه‌و ده‌ركردنه‌ش ساته‌وه‌ختێكی هه‌ڵچوون وپاڵنه‌ری سۆز نه‌بوو بۆ شانۆ، هێنده‌ی مه‌عریفه‌ی شانۆیی بۆی به‌رهه‌م ده‌هێنا، چونكه ئه‌و ده‌سبه‌رداری هه‌موو ئه‌و پێكهاته شانۆییانه ده‌بۆوه كه ته‌كنه‌لۆژیا بنیاتی ده‌نا، بۆیه دژی ئه‌و ئیستاتیكایه‌ش كاری ده‌كرد كه ته‌كنه‌لۆژیا دروستی كردبوو، ئه‌و هات له‌ڕێگه‌ی میتۆدێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌كته‌ر، ئه‌كته‌ری كرد به‌و كائینه شانۆییه‌ی كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێویستی به ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌گه‌ریه‌وه نه‌بێت، ته‌نانه‌ت چه‌مكی ده‌رهێنه‌ریش له‌ناو ئه‌و میتۆده سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌گۆڕا. ئه‌وه‌ش شانۆی په‌یوه‌ست ده‌كرد به پرۆسه‌یه‌كی رۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه، كه ببێت به هونه‌رێك خاوه‌نی زمان و شوناسی تایبه‌تی خۆی بێت، هیچ هونه‌رێك نه‌توانێ هه‌ڕه‌شه بێت بۆسه‌ر بوونی، به‌ڵكو ئه‌وه شانۆبێت ببێت به هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر هونه‌ره‌كانیتر، ئه‌وه‌ش چه‌مكی نوێی ڕه‌خنه‌یی تایبه‌ت به‌خۆی هێنایه بوون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و چه‌مكانه له‌بنه‌ماوه چه‌مكی نوێ نه‌بووبن، به‌تایبه‌ت له ڕووی ڕه‌خنه یاخود زانسته مرۆییه‌كانه‌وه، به‌ڵام به‌كارهێنانی لای گرۆتۆفسكی خاڵی كردنه‌وه بوو له‌هه‌ندێك ڕوودا یاخود بارگاوی كردنه‌وه‌یان بوو به مانا وده‌لاله‌تی شانۆیی وه‌ك له چه‌مكی (مردنی نووسه‌ر) كه به‌هیچ جۆرێك له‌مانا بونیادگه‌ریه‌كه‌یه‌وه سه‌یری نه‌ده‌كرد.
بۆیه ئه‌و چه‌مكه بریتی نه‌بوو له گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌گ وڕیشه‌كانی نووسین بۆ نووسه‌ر هێنده‌ی پێدانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوو به خوێنه‌ر، به‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه‌ی مانا بێته‌وه له‌ناو تێكست نه‌ك نووسه‌ر ببێته‌وه به تاكه سه‌رچاوه‌ی تێكست، كه‌چی لای گرۆتۆفسكی ماناكان ئه‌و چه‌مكه ده‌گۆڕێته سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ی كه نووسه‌ر وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی به‌شداربوو به‌شداری له‌شانۆ ده‌كات، نه‌ك فكری ئه‌و سه‌رچاوه‌ی شانۆكه بێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی تێكست به‌دوای ئاماده‌بوونی له‌ناو پرۆسه‌ی نمایش نووسه‌ر تیایدا به‌ره‌و فه‌نابوون ده‌چێت، هه‌ریه‌ك له ده‌رهێنه‌ر وئه‌كته‌ر سه‌رله‌نوێ به‌شداری له نووسینه‌وه وبنیاتنانه‌وه‌ی تێكسته‌كه ده‌كات، ئه‌وه‌ش كۆتایی هێنانه به‌هه‌ر شتێك كه ناوی پیرۆزی لێنراوه كه به‌پیرۆزی تێكست ناوبراوه، چونكه هیچ شتێك له‌و ڕوانگه‌یه‌وه پیرۆز نیه، ئه‌وه ده‌رهێنه‌ره چ دێر و ڕسته و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك دێنێته‌وه یاخود ده‌سڕێته‌وه، چونكه نووسه‌ر وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كیتری شانۆ له‌پێناو یه‌كه‌ی نمایش كار ده‌كات. لێره‌وه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه به‌ده‌سه‌ڵاتی تێكست وده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ر ناو ده‌برێت، كۆتایی دێت، ئه‌وه مه‌رگی ده‌سه‌ڵاتی نووسینه، ئه‌و مه‌رگه نووسه‌ر وتێكست به‌یه‌كه‌وه ده‌كوژێت، له پێناو ده‌سه‌ڵاتی نمایش، ده‌سه‌ڵاتێك شانۆ له ئه‌ده‌ب ده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌یداته‌وه به شانۆ خۆی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌رهێنه‌ر بنیاتی ده‌نێت، به‌ڵام نه‌ك بۆ به‌رز ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنان، بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنی نووسه‌ر ده‌رهێنه‌ر دابنێت، به‌ڵكو تاكه ده‌سه‌ڵات له شانۆدا ده‌بێت به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كته‌ر، ئه‌كته‌ر ئه‌و قه‌دیسه شانۆ بنیات ده‌نێت، هه‌ر ئه‌ویشه ده‌بێته‌وه تاكه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كاركردن، چونكه په‌یوه‌سته به خوڵقاندن وبنیاتنانه‌وه، ئه‌وه‌ش بنه‌ما وسه‌ره‌تا بوو بۆ میتۆد وڕێره‌وێكی نواندنی جیاواز، كه هه‌موو گروپه ئه‌زموونگه‌ریه‌كان بتوانن بیكه‌نه زه‌مینه بۆ كاركردن له‌ته‌ك پرۆسه‌ی چۆنیه‌تی ئاماده كردنی ئه‌كته‌ر له‌پانتاییدا.
تعليقات
إرسال تعليق