په‌یوه‌ندیی نێوان شانۆ وواقیع له‌كۆمه‌ڵگای پۆڵه‌ندی, په‌یوه‌ندیه‌كی نوێ بوو بۆ گوزارشت كردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له‌ڕێگه‌ی شانۆوه, شانۆ بۆ ئه‌وان زمانێك بوو ده‌یویست واقیع به‌شێوه‌یه‌كیتر بخاته ڕوو, ئه‌وه‌ش چه‌نده په‌یوه‌ست بوو به‌دۆخی تراژیدیای جه‌نگه‌وه, له‌هه‌مان كاتدا گه‌ڕان بوو به‌دوای زمانێكی شانۆیی ئه‌لته‌رناتیڤ, هه‌ڵبه‌ت جه‌نگ یاده‌وه‌ری ئه‌و شانۆیه‌ی بنیات ده‌نا, به‌ڵام یاده‌وه‌ریه‌ك هێزی كاركردنی ده‌گۆڕی بۆ چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی واقیع وشانۆ, بۆیه ئه‌و داڕشتنه‌وه‌یه له‌سه‌ره‌تادا ناوبرا به شانۆی واقعی نوێ, كه‌چی ده‌رهێنه‌ری پۆڵه‌ندی یێگی یارۆتسكی له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه كاتێ ده‌ستی به‌كاركردن كرد, ویستی كوده‌تا به‌سه‌ر ئه‌و واقعیه‌ته نوێیه‌شدا بێنێت.
گۆڕین وكوده‌تا به‌سه‌ر واقعی نوێ, گه‌ڕانه‌وه نه‌بوو به‌ره‌و شانۆیه‌كی سوونه‌تی, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بوو بۆ مێژووی ئه‌و شانۆیه, بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێوان یاده‌وه‌ری شانۆی پۆڵه‌ندی وشانۆی واقعی نوێی پۆڵه‌ندی, به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كیتر هه‌نگاو بنێت, كه جۆرێك له ئاوێته بوون ده‌خوڵقێنێت له‌نێوان واقیع و واقیعی خه‌یاڵی, ئه‌وه له‌ڕۆماندا به واقعی سیحری ناسیومانه, بۆیه ئه‌و جۆره خه‌یاڵه یارمه‌تی ده‌دات, كه ستراتیژیی شانۆكه‌ی بخاته ڕوو. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه سه‌خته دیدو ڕووخساری شانۆكه‌ی به ئاسانی بناسرێته‌وه, به‌ڵام ئه‌و خه‌یاڵكردنه‌وه‌یه له‌ناو واقیع, گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو تێكست, به ته‌ئویلی جیاوازه‌وه, ته‌ئویلكردنه‌وه بۆ تێكست, په‌یوه‌ندیه‌كیتره, كه وێناكردنه‌وه‌كانی له‌ڕێگه‌ی تێكسته‌وه سه‌ر له‌نوێ ده‌یه‌وێت دنیای تێكست به‌ره‌و خه‌یاڵكردنه‌وه‌ی واقیعی به‌رێت.
بۆیه به‌لای یارۆتسكی نوێبوون له‌شانۆدا به‌ته‌نیا فۆڕم نیه, به‌ڵكو فۆڕم له‌ناو تێكسته‌وه بنیات ده‌نێت, به‌واتای نایه‌وێ ئه‌و واقیعه نوێیه‌ی ده‌خرێته ڕوو, دیدێكی فۆڕمالیستی بێت, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان به‌ره‌نجامی دنیای كاره‌كته‌ر وبابه‌تی ناو تێكسته‌كان بن, ئه‌وه‌ش هه‌ژاندنی بونیادی ده‌قه, گه‌ڕانه بۆ هه‌ژاندنی ئه‌و بونیاده كه به‌كۆمه‌ڵێك ڕووبه‌ند داپۆشراوه, ده‌رهێنه‌ر ده‌بێت بیهه‌ژێنێت و زه‌مه‌نی كاركردنی خۆی تیا بدۆزێته‌وه, ئه‌وه‌ش پرۆژه‌ی چۆنیه‌تی كاركردنه‌وه‌یه له‌ته‌ك تێكست.
مرۆڤ وپه‌یوه‌ندیه مرۆییه‌كان ئه‌و دوو چه‌مكه گرنگه‌ی بایه‌خدانیه‌تی له‌شانۆدا, ئه‌وه‌ش كارێكه وه‌ك خۆی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه په‌یوه‌سته به ئه‌كته‌ره‌وه, به‌واتای ئه‌كته‌ر ئه‌و مرۆڤه‌یه كه چۆن له‌شانۆدا ئاماژه‌ی بوونی له‌په‌یوه‌ندیه مرۆییه‌كانی به‌كار دێنێت, ئه‌وه‌ش ئه‌كته‌ر وئاماژه وه‌ك دوانه‌یه‌ك له‌به‌رهه‌مهێنانی گوتار ده‌بنه خوڵقێنه‌ری ده‌لاله‌ت, چونكه به بڕوای ئه‌و ئه‌كته‌ر كه‌ناڵی په‌یوه‌ندیی نێوان ئاماژه وده‌لاله‌ته‌كانیه‌تی.
یارۆتسكی كه ده‌رهێنه‌ری حه‌فتا تێكستی شانۆیی بووه, له‌نێوان تێكستی پۆڵه‌ندی و جیهانیدا, له‌وانه كاركردن له‌ته‌ك نووسه‌رانی وه‌كو برۆنر یاشنسكی و جۆن ئۆزبۆرن و دۆرینمات و ئه‌نتوان چیخۆف ویۆژین یۆنسكۆ و‌لیامز و یۆژین ئۆنێڵ وكرۆتشكۆفسكی ومرۆژیك وكافكا.
له‌سه‌فه‌رو گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامی ناو دنیای جیاواز بووه, جۆره ئینتیمایه‌كی بۆ نووسه‌ر هه‌بووه, ئه‌و ئینتیمایه به‌جۆرێكیتر بیری له‌كاركردنی تێكست كردۆته‌وه, ویستویه‌تی به‌ره‌و دیدی شیعریی هه‌نگاو بنێت, چونكه زانیویه‌تی ئه‌وه كۆمه‌كێكی زۆری ده‌كات بۆ په‌یوه‌ندی نێوان خه‌یاڵ وواقیع, شیعریه‌تی وه‌ك رووبه‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ خه‌ون بینینی واقیع سه‌یر كردووه, ئه‌وه وایكردووه شانۆكه‌ی ئه‌مرۆ بۆ ئێمه وه‌ك ناوه‌ندێكی پێكگه‌یشتنی دوو تیۆریتر بكه‌وێته ڕوو, ئه‌وانیش له‌ڕووی ئه‌كته‌ره‌وه بمانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ گرۆتۆفسكی, هه‌رچه‌نده گرۆتۆفسكی زیاتر له‌ڕێگه‌ی جوله‌و ده‌نگه‌وه توانا شاراوه‌كانی ئه‌كته‌ری خستۆته ڕوو, له‌ئاستی جوانكاریشه‌وه زیاتر له‌شانۆی شێوه‌كاری گگییگۆفسكی نزیكمان ده‌كاته‌وه, ئه‌و دوو ئاراسته تیۆریه وایان كردووه شانۆكه‌ی ببێته ناوه‌ندی پێكگه‌یشتن, ئه‌و دوو شانۆیه ببنه میراتێك بۆ چۆنیه‌تی له‌دایك بوونی شانۆیه‌كیتر, كه وه‌ك پێشتر ئه‌وه‌مان خسته ڕوو, ئه‌و زیاتر له‌ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌گرتنی له‌یاده‌وه‌ری شانۆكه وهه‌وڵه نوێیه‌كانی شانۆكه‌دا ویستویه‌تی هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و دیدێكیتر به‌رێت.
تعليقات
إرسال تعليق